×
هەرێم زیندانی رۆژنامەنوسانی عیراقە

15 Dec 2022

هەرێم زیندانی رۆژنامەنوسانی عیراقە

لە كۆی سێ رۆژنامەنوسی زیندانیكراوی عیراق بەپێی راپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان هەرسێكیان لە هەرێمی كوردستانن، لەسەدا 10ی كۆی رۆژنامەنوسانی زیندانیكراوی جیهانیش بۆ ساڵی 2022 كوردن و دابەشبون بەسەر وڵاتانی ئێران، توركیا و هەرێمی كوردستان.

ژمارەی رۆژنامەنوسانی زیندانیکراو لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ساڵی 2022، ئاستێکی دیکەی پێوانەیی تۆمارکردووە، ئەوەش بەپێی نوێترین دوو راپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان و رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور كە لە 14ی كانونی یەكەمدا بە جیا راپۆرتەكیانیان بڵاوكردەوە و تیایدا ساڵی 2022یان بە ساڵی "ریكۆردشكێن" ناوبرد.

بەپێی سەرژمێری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان كە لە راپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو، تا یەکی کانونی یەکەمی 2022 لە تەواوی جیهان 363 رۆژنامەنوس لە زیندانن و ئازادییان لێ زەوتکراوە – "ئەوەش ئاستێکی بەرزی نوێی جیهانییە کە بە ڕێژەی لەسەدا 20 ژمارەی پێوانەیی ساڵی رابردوی تێپەڕاندووە و ئاماژەیەکی تاریک و دیارە بۆ خراپبونی دۆخی میدیایی".

لە تەواوی عیراق بەپێی راپۆرتەكە سێ رۆژنامەنوس دەستگیرکراون و لە زیندانن، كە هەرسێ رۆژنامەنوسەكە لە هەرێمی کوردستانن.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، دەڵێت "ساڵێک پڕ بوو لە ململانێ و سەرکوتکردن". هەروەها هاتووە "سەرکردە تاکڕەو و دەسەڵاتخوازەکان تاوانەکانیان دژی رۆژنامەگەری سەربەخۆ دوو هێندەکردەوە". لە بەشێکی تریدا دەڵێت "دڕندەیی زیاتریان ئەنجامدا بۆ دامرکاندنەوە و کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان و لاوازکردنی ئازادی رۆژنامەگەری".

پێنج وڵاتە زیندانیکەرە سەرەکییەکانی ئەمساڵی رۆژنامەنوسان بەپێی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان، بریتین لە ئێران، چین، میانمار، تورکیا و بێلاڕوس و هاتووە "پاڵنەری دیار و سەرەکی پشت زیادبونی هەوڵە ستەمکارەکانی حکومەتە تاکڕەوەکان بۆ دامرکاندنەوەی میدیا بریتین لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی سەرقاپ و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییە توندەکان لە جیهاندا کە بەهۆی کۆڤید-19 و دەرئەنجامە خراپە ئابورییەکانی شەڕی رووسیا دژی ئۆکرانیا بەرپابون".

راپۆرتەکە ساڵی 2022 بە "ساڵێکی دیکەی ریکۆردشکێن" دادەنێت لە ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی کە بەهۆی ئەنجامدانی پیشەکەیانەوە زیندانیکراون.

پاڵنەری دیار و سەرەکی پشت زیادبونی هەوڵە ستەمکارەکانی حکومەتە تاکڕەوەکان بۆ دامرکاندنەوەی میدیا بریتین لە "هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی سەرقاپ و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییە توندەکان لە جیهاندا"، لە راپۆرتەكەدا هاتووە.

لە ئێران، دەیان رۆژنامەنوس لە نێو ئەو نزیکەی 14 هەزار ئێرانییەدان کە لە ماوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەهۆی کوژرانی مەهسا ئەمینی، کچێکی تەمەن 22 ساڵانی کورد کە بە تۆمەتی شکاندنی یاسای حیجاب لە ئێران دەستگیرکرابوو، هەڵگیرسا.

هەروەها هاتووە "دەسەڵاتداران ژمارەیەکی پێوانەیی رۆژنامەنوسانی ژنیان دەستگیرکردووە – لە کۆی 49 ڕۆژنامەنوس کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیرکراون، 22 دانەیان ژنن – ئەوەش رەنگدانەوەی ئەو رۆڵە دیارەی ژنانە کە بینیویانە لە روماڵکردنی ئەم راپەڕینەی کە هەر ژن سەرکردایەتی دەکات".

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان لەبارەی ئێرانەوە دەڵێت "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران وایکردووە ئەو وڵاتە لە ساڵی 2022دا ببێتە خراپترین زیندانیکەرانی رۆژنامەنوسان لە جیهاندا، ژمارەیەکی زۆریان لە زیندانی ئەڤینی تاران راگیراون". زیاتر هاتووە کە لە ئێران، "کوردەکان پشکی شێریان لە تۆڵەسەندنەوەی حکومەتی ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان بەرکەوتووە، و لانیکەم نۆ رۆژنامەنوسی کورد لەنێو ئەو ڕۆژنامەنوسانەدان کە لە زینداندان".

لەبارەی تورکیاوە راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتداران 25 رۆژنامەنوسی کوردیان دەستگیرکرد کە یان بۆ ئاژانسی هەواڵیی مێزۆپۆتامیا (Mezopotamya News) و دەزگای ژن نیوز (JINNEWS) کە سەرجەمیان رۆژنامەنوسی ژنن، یان بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان کاریان کردووە کە دەزگا کوردییەکان لە ئەوروپا بەکاریان دەهێنا.

بەو پێیەش لە هەرێمی كوردستان، ئێران و توركیا 37 رۆژنامەنوسی كورد زیندانیكراون، كە دەكاتە لەسەدا 10ی كۆی رۆژنامەنوسە دەستگیركراوەكانی جیهان.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا هاتووە "زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان تەنها رێگایەکە بۆ ئەوەی سەرکردە تاکڕەوەکان هەوڵی کپکردنی ئازادی رۆژنامەگەری بدەن. لە سەرانسەری جیهاندا حکومەتەکان چەندین تاکتیکی جیاوازیان گرتووەتەبەر وەک یاساکانی “هەواڵی ساختە“، بەکارهێنانی ناوزڕاندنی تاوانکاری، دانانی یاسای ناڕون بۆ تاوانبارکردنی ڕۆژنامەگەری، فەرامۆشکردنی سەروەری یاسا و خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری، هەروەها تەکنەلۆژیا دەقۆزنەوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ڕۆژنامەنوسان و خێزانەکان".

هاوكات بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2022دا ریکۆردێکی نوێی تۆمارکردووە و گەیشتۆتە 533 کەس، لە نێویاندا لەسەدا 15یان ژنن. لەکاتێکدا رێژەی ژنان لە پێنج ساڵی رابردودا لە نێو دەستگیرکراواندا نەدەگەیشتە لەسەدا. بەگشتی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان لەسەدا 13.4 زیادیکردووە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، 57 رۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیهاندا کوژراون، 65ی تر بە بارمتەگیراون و 49 رۆژنامەنوس-یش بێسەروشوێن.

هەروەها رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، ژمارەیەکی تری پێوانەیی تۆمارکردووە بە بەراورد بە ساڵەکانی ترو لە ئێستادا 78 رۆژنامەنوس لە زیندانن. ئەوەش لەسەدا 30 زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

هەریەکە لە چین لە پلەی یەکەمدایە و ئێرانیش لە پلەی سێیەمدایە لە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن.

هەر لە ساڵی 2022دا 57 رۆژنامەنوس لەکاتی چالاکییە پیشەییەکانی خۆیاندا کوژراون. ئەوەش لەسەدا 18.8 زیاترە بە بەروارد بە ئامارەکانی ساڵی 2021.

ئەو رێکخراوە شەڕی ئۆکرانیا بە هۆکارێک دەزانێت بۆ بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کوژرانی رۆژنامەنوسان، بەو پێیەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەو شەڕەدا لانیکەم هەشت رۆژنامەنوس کوژراون. هاوکات 65 رۆژنامەنوس و یاریدەدەری میدیایی لە ریزی بە بارمتە گیراوەکانن.

فایلی ده‌نگی

بابه‌تێكی به‌ڵگه‌نامه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی دواتر

وێنه‌ی زیاتر