گێچه‌ڵی سێكسی، تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه، ناوزڕاندن، رێگریی و سوكایه‌تی پێكردن، ئه‌مه هه‌موی له چیرۆكی كاركردنی مندا جێی ده‌بێته‌وه ساڵانێكی زۆر نییه وه‌ك رۆژنامه‌نوس كارده‌كه‌م.
كاری رۆژنامه‌نوسی بۆ پیاوان زۆر ئاسته‌م و پڕ زه‌حمه‌ته، جا چ جای بۆ ژنان كه له‌پاڵ هه‌موو رێگرییه زۆر و زه‌وه‌نده‌كان ناوزڕاندن و گێچه‌ڵی سێكسیشی دێته‌سه‌ر.
گێچه‌ڵی سێكسی له‌شوێنی كاردا
سه‌ره‌تای كاركردنم بوو له‌بواری میدیا به‌هۆی پیشه‌كه‌مه‌وه روبه‌ڕوی گێچه‌ڵێكی سێكسی رون و ره‌وان بومه‌وه.
ره‌نگه ئه‌مه‌ی ریداوه شتێكی تازه نه‌بێت، چونكه له‌چه‌ند خانمێكی دیكه‌ی میدیاكارم بیستووه كه ئه‌وانیش له شوێنی كاره‌كه‌یان یان به‌هۆی كاره‌كه‌یانه‌وه روبه‌ڕوی گێچه‌ڵی سێكسی بونه‌ته‌وه.
ساڵی 2012 له یه‌كێك له كه‌ناڵه كوردییه‌كان سیڤییه‌كه‌م پێشكه‌ش كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ كار بكه‌م، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌م به‌سه‌ركه‌وتویی تێپه‌ڕاند و یه‌كه‌مین كارم بڵاوبۆوه، كه‌سێكی به‌رپرس له‌وێ بابه‌تی مانه‌وه‌ی منی گرێدایه‌وه به‌وه‌ی سێكسی له‌گه‌ڵ بكه‌م، بۆیه ده‌ستبه‌جێ كه‌ناڵه‌كه‌م جێهێشت.
ئه‌مه ئازایه‌تی نییه، به‌ڵام له‌ناچاریدا منیش وه‌كو به‌شێكی زۆر له‌و خانمانه‌ی روبەڕوی گێچه‌ڵ ده‌بنه‌وه، بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد، هه‌موو جارێكیش هۆكاره‌كه یه‌كه: كاتێك باسی ده‌كه‌ین له‌بری ئه‌وه‌ی پشتگیری بكرێین، دیسانه‌وه خۆمان له چاوی كۆمه‌ڵگا ده‌بینه‌وه قوربانی.
له‌ناچاریدا منیش وه‌كو به‌شێكی زۆر له‌و خانمانه‌ی روبەڕوی گێچه‌ڵ ده‌بنه‌وه، بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌م جێهێشت بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له‌كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن كارم كرد، پێشتریش بۆ ماوه‌ی ساڵێك وه‌ك په‌یامنێر له‌كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی كارمكردبوو، پێش ئه‌وه‌ش دیسان ساڵێك وه‌ك نوسه‌ری ده‌نگوباس له‌كه‌ناڵی بادینان سات بوم.
به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌و فشاره‌وه وازم له‌كاره‌كه‌م هێنا
ساڵی 2013 له نوسینگه‌ی دهۆكی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن كارم ده‌كرد، ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌بوو له‌وێ به‌رده‌وام بوم كه راسپێردرام بۆ روماڵكردنی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌بنكه‌یه‌كی قه‌زای ئامێدی.
ده‌نگدانه‌كه دوو رۆژ پێش ده‌نگدانی گشتی بوو، واته له 19ی ئه‌یلولی به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وكات بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له كاریگه‌رترین بزوتنه‌وه ئۆپۆزسیۆنه‌كان بوو، كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن-یش كه زمانحاڵی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بوو دژایه‌تییه‌كی زۆر ده‌كرا.
بابه‌تێكی به‌ڵگه‌نامه له‌سه‌ر رووداوه‌كانی دواتر